
| کورد له کوێی ئه‌م کێبهڕکێیهدایه؟ |
|
|
| سیاسی | |||
| Written by مه‌هاباد کوردی - سوێد | |||
| Wednesday, 28 July 2010 00:14 | |||
|
پرسی پێکهێنانی حکوومه‌تی ناوه‌ندی له به‌غدا چه‌ند مانگێکه لایه‌نه سیاسییه براوه و نابراوهکانی عێراقی به‌خۆیه‌وه مژووڵ کردووه. هه‌ر که‌س و هێزێک بگریت یه‌کسه‌ر باس له ڕه‌وایه‌تی خۆی ده‌کات و ئه‌وی دیکه‌شی پێ دۆڕاو و نایاسایی و ناده‌ستوورییه، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌و وڵاته‌دا ڕۆژێ له ڕۆژان ده‌ستوور گه‌لێ حیسابی بۆ کرابێت! گه‌لی کورد که هه‌ر له یه‌که‌مین ڕۆژی به‌زۆر پێکه‌وه لکاندنی خۆی و به‌شێکی نیشتمانه‌که‌ی به‌م قه‌واره ده‌ستکرده نابه‌جێ و له‌رزۆکه‌وه له زیان زیاتر چی تری پێ نه‌بڕاوه، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ ڕۆژانه باجی ئه‌م کرداره ناڕه‌وا و نامرۆڤانه و نادیموکراتییانه ده‌دات. ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی که له‌به‌غداش له‌ژێر ناوی نوێنه‌رایه‌تیکردنی کورده‌وه بوونه‌ته سه‌رکرده و وه‌زیر و نوێنه‌ر، وه‌ک کات بۆمانی سه‌لماند، ئه‌و شته‌یان له ده‌ست نه‌هات که ڕۆڵه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه چاوه‌ڕوانییان لێیان ده‌کرد و به‌ته‌مایان بوون. ده‌شێ زۆر هۆکاری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له ئارادا بن، به‌ڵام خاڵی گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه تا چه‌ند هیوا و خواسته‌کانی ئه‌م میلله‌ته به‌وان جێبه‌جێ کران یانیش له داهاتوودا جێبه‌جێ ده‌کرێن. له ڕۆژی ئه‌مڕۆدا ڕه‌وشی سیاسی و ئه‌منی و ناکۆییه‌کان هه‌تا دێ په‌ره‌ده‌سه‌نن. ململانێی لایه‌ن و پارت و هێزه‌کان تا هه‌نووکه چ شتێکی هومێدبهخشیان پێ نه‌بووه. دیاره ئه‌وه‌ی که زیاتریش نرخی ئه‌م کێبه‌ڕکێ و گه‌ڕه‌لاوژێیه ده‌دات، بێگومان خه‌ڵکی ڕه‌شۆکی و هیچ له ده‌ست نه‌هاتوو و له هه‌موو شت بێبه‌شکراوه. له باشووری کوردستان، به‌تایبه‌تیش له‌و شوێن و ده‌ڤه‌ره کوردستانییانه‌ی که هێشتا له‌بن ده‌ستی داگیرکه‌ران دان و ناوی جیا جیاشیان بۆ دانراوه: ناوچه دابڕاوه‌کان، شوێنه جێناکۆکه‌کان، جێگه کێشه‌له‌سه‌ر و هێشتا نه‌گه‌ڕاوه‌کان، خه‌ڵکی کورد ڕۆژ نییه له‌و شوێنه کوردستانییانه له گه‌لێ ڕووه‌وه زه‌ره‌ریان لێ نه‌که‌وێت. ئه‌مڕۆ هه‌ر ده‌ڵێی دوێنێیه و سیاسه‌تی به‌عه‌ره‌بکردن و ترس و تۆقاندن ڕۆڵی جارانیان ماوه. هه‌ر ته‌نێ یه‌ک دوو ڕۆژ به‌ر له ئێستا باس له هێڕشکردنه سه‌ر کوردانی جه‌له‌ولا له ڕاگه‌یاندنه حیزبییه‌کانی کوردییه‌وه کرا. دانیشتووانی کورد له‌و شار و شارۆچکه و شوێنانه‌دا وا خه‌ریکن دووباره و ده‌باره دووچاری کۆچ و ڕاوه‌دوونان و په‌لاماری تیرۆریستان و شۆڤێنیستان ده‌بنه‌وه. ئه‌مه له کاتێکدایه که سه‌رکرده کورده‌کانی باشوور، هه‌ر له دوای له‌ناوبردنی ڕژێمی گۆڕبه‌گۆڕی به‌عسه‌وه تا هه‌نووکه‌ش، ڕۆڵێکی سه‌ره‌کییان هه‌بووه له دووباره پێکهێنانه‌وه و دروستکردنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌واره‌یه‌ی که به ناهه‌ق پێی ده‌گوترێت عێراق. به‌ڵێ.. عێراقێک که هه‌ر له سه‌ره‌تای داتاشین و دامه‌زراندنیدا مانای کاولکاری و قه‌ڵاچۆکردن و به‌عه‌ره‌بکردن و ئه‌نفال و سووتاندن و له‌ناوبردنی سیسته‌ماتیکی بووه بۆ گه‌لی کورد و خاکه‌که‌ی. ئاسۆی پێکهێنانی حکوومه‌ت له به‌غدا هێشتا ڕوون نییه. شیعه‌کان بوونه‌ته چه‌ند به‌ش. سوننه و شیعه‌ش له زۆر شت‌دا لێک ناکه‌ن. ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌کی و ده‌وڵه‌تانی هه‌رێمی و به‌ناو دراوسێ له کاروباری عێراق له جاران زیاتر گه‌شه‌ی سه‌ندووه. هه‌ر لایه‌نه و له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه په‌ته‌که به‌لای به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیدا ڕابکێشێت. پێشتر که ئێران له‌م بواره‌دا ڕۆڵی سه‌ره‌کی هه‌بوو، ئێستا تورکیا و ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌کانی وه‌ک سعوودیه و سوریا و میسر و ئه‌وانی دیکه‌ش ده‌یانه‌وێت قسه‌یان بڕوات. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین عه‌ره‌بی عێراقی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست، ئه‌گه‌ر خوێنی یه‌کتریش فڕ بکه‌ن و ئێسقانی یه‌کدیش وردوخاش بکه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تاکه شتێک هه‌ر ده‌مێنێ تا کۆیان بکاته‌وه ئه‌ویش بێگومان دوژمنایه‌تیکردنی کورد و دۆزه ڕه‌وا و مافدارهکهیهتی! به درێژایی مێژوو کورد له‌م بواره‌دا ئه‌زموون له‌پاش ئه‌زموونی به‌ڕێ کردووه و کرده‌وه ناحه‌ز و ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌کانی عه‌ره‌بیشی به چاوی خۆی بینیوه، لێ ئایا کورد و سه‌ران و حیزبه فه‌رمانڕه‌واکانی باشوور چ په‌ند و وانه‌یه‌کی به‌سوود و ماناداریان له‌م تاقیکردنه‌وه تاڵانه وه‌رگرتووه یان نا؟! ئه‌مریکا ئه‌مڕۆ باس له کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ده‌کات له عێراقدا. ژه‌نه‌راڵه‌کانی ناڕه‌حه‌تی و بێئومێدی خۆیان نیشان ده‌ده‌ن له‌مه‌ڕ قۆناغی دوای کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانیان له کۆتایی ساڵی 2011. ئه‌وان ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن که هێشتا سوپای عێراق، هێزی پۆلیس و پێشمه‌رگه‌ی کوردستانیش له توانایاندا نییه به‌ره‌نگاربوونه‌ی ڕه‌وشێکی ناله‌بار و یه‌کسه‌ر تێکچوو و تازه سه‌رهه‌ڵداوی ئه‌و وڵاته بکه‌ن. هه‌روه‌ها باس له گرژییه‌کانی نێوان کورد و عه‌ره‌بیش ده‌که‌ن، به‌تایبه‌تی له هه‌ردوو پارێزگای که‌رکووک و مووسڵ. هه‌ر ئه‌وان هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌که‌ن ته‌نانه‌ت له باری چاره‌سه‌رنه‌کردنی ئه‌و کێشانه‌شدا هه‌ر عێراق به‌جێ ده‌هێڵن. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: گه‌لۆ له ڕه‌وشێکی وه‌ها سه‌خت و هێشتا نائارام و بنده‌ستبوونی زۆر ده‌ڤه‌ری ستراتیژی و گرنگی باشووری کوردستانیش، کورد و سه‌رکردایه‌تی و هێزه به‌رچاوه‌کانی له‌و به‌شه‌ی نیشتماندا ده‌بێ ڕووبه‌ڕووی چ چاره‌نووسێک ببنه‌وه یا بکرێنه‌وه؟ ئایا هه‌ڕه‌شه‌کانی ئه‌مریکا هه‌ر شتی سهرهزارهکین یانیش به‌ڕاستی ده‌یانه‌وێت عێراق و باشووری کوردستان به‌ته‌واوه‌تی واز لێ بێنن؟ گه‌لۆ ئه‌مریکاییه‌کان له‌به‌ر خاتری ئه‌فغانستان ئاماده‌ن له عێراق ده‌ربچن؟ یانیش ئه‌مانه هه‌موویان جۆرێکن له خۆ ئاماده‌کردن بۆ مانه‌وه‌ی زیاتری ئه‌و هێزانه و له هه‌مان کاتیش‌دا که‌مکردنه‌وه‌ی ژماره‌یان، به‌ڵام ڕۆڵ بینینیان به شێوه‌یه‌کی کاریگه‌رتر و هاوشانیش له‌گه‌ڵ ڕۆڵی سیاسی و دیپلۆماسی ئه‌مریکا له ته‌واوی ناوچه‌که‌دا؟ شوێن و پێی کورد له‌و مه‌یدانی کێبه‌ڕکێیه‌دا هێشتا ئه‌وه‌نده دیار نییه. ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار باس له پۆستی سیادی و شتی تر ده‌که‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئه‌و جۆره پۆستانه له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا گه‌لێ خێریان بۆ کورد هه‌بووبێت و کاریبێتیان بۆ نموونه مادده‌یه‌کی وه‌ک 140ی ده‌ستوور جێبه‌جێ بکه‌ن. به پێچه‌وانه‌وه ته‌نانه‌ت هه‌ندی نوێنه‌ر و وه‌زیری کورد له به‌غدا له غه‌یری بێده‌نگبوون و قسه‌نه‌کردن شتێکی دیکه‌یان هه‌ڵنه‌بژاردووه.
وابه‌سته‌بوونی کورد به به‌غدا به‌ر له‌وه‌ی خێردار بێت زه‌ره‌ره نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌که‌ی زیاتره، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستێکی مه‌ودادرێژ و به چاوێکی کوردستانییانه لێی وردبینه‌وه. ڕۆڵه‌کانی ئه‌م گه‌ل و خاکه هیوا و ئامانج و چاره‌نووسیان هه‌میشه و هه‌میشه کوردستانی و نه‌ته‌وه‌یی بووه نه‌وه‌ک عێراقی و ئێرانی و سوریایی و تورکیایی. ئه‌وانه‌ی ئه‌وڕۆ له باشوور ده‌سه‌ڵاتدارن، له من و له تۆش باشتر له‌م شته ئاگادارن. جا ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی ته‌سکی حیزبایه‌تی، هه‌رێمایه‌تی، دوژمنایه‌تی ناوخۆ، بارودۆخی ناوچه‌که، پله و پایه‌ی که‌سێتی، فشاری داگیرکه‌رانی ده‌وروبه‌ر و گه‌لێ هۆکاری تریش به جۆرێکی دیکه بیر ده‌که‌نه‌وه، ئه‌مه‌یان مه‌سه‌له‌یه‌کی تره و ڕاستی و ناڕاستی شته‌کانیش، کورد گۆته‌نی، لای خه‌ڵک و خوا ئاشکران.
Set as favorite
Bookmark
Email this
Hits: 10937 Comments (0)
![]() Write comment
|
په‌یڤی کلیک
| خۆشه‌ویستیی ئه‌وانه ی ئێمه‌یان خۆش ده‌وێ کارێکی مازن نیه ! گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌وانه‌مان خۆش بوێ که ئێمه‌یان خۆش ناوێ... |
په‌یڤه زیندووه‌کان
-
عەرەب مەکتەب دەرووخێنێ .Read more...
تورک کتێب دەسووتێنێ .
فورس ، رێ بەمین دەچێنێ.


