وێنه‌ی گاله‌ری

Online

We have 282  guests online

Login


Home کۆمه‌ڵایه‌تی لیژنەی فەتوای کوردستان ڕێگە بۆ خەتەنەکردنی مێینە خۆش دەکات
لیژنەی فەتوای کوردستان ڕێگە بۆ خەتەنەکردنی مێینە خۆش دەکات Print E-mail
کامه‌ران چڕوستانی - ئه‌ڵمانیا
User Rating: / 2
PoorBest 
کۆمه‌ڵایه‌تی
Written by کامه‌ران چڕوستانی - ئه‌ڵمانیا   
Sunday, 11 July 2010 21:04

 

کێشەی خەتەنەکردنی ئافرەت لە کوردستاندا و لە زۆر ناوچەی تری دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا بووە بە گرفتێکی گەورە، کە دەسەڵاتی ئاینیی، دەسەڵاتی یاسایی و جێبەجێکردنی، ئاستی ڕۆشنبیریی و زانستی کۆمەڵگاکە تیایدا ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت. دەتوانین بڵێین، کە تا ڕادەیەک دەسەڵاتی کوردی کاری لەم ئاراستەدا کردووە، ئەگەرچی بەپێی پێویستیش نەبووبێت. چونکە لە لایەکەوە ئەو یاسایانەی کە دەرکراون لە ناوچەکەدا شتێکی دڵخۆشکەرەیە و سەرەتایەکە بۆ چارەسەری کێشەیەکی فرەلایەنانە، بەڵام میکانیزمی جێبەجێکردن و دواکەوتنی یاساییانەی ئەو کەسانەی، کە هەتا ئێستا خەریکی خەتەنەکردنی منداڵی کچی کوردن، بەپێی پێویست نەبووە. هەر لە هەمان بواردا و بە پێی فەتوایەکی تایبەتی لیژنەی فەتوای کوردستان دەسەڵاتی خەتەنەکردنی مێینە دەداتە دەستی بەخێوکەر. بەمەش ئەم بابەتە دەگەڕێنێتەوە سەر خاڵی سفر و جارێکی تریش گفتوگۆ و لێدوانەکان هەمدیسان لە سەرەتاوە دەست پێ دەکرێتەوە سەبارەت بەم کێشە گەورەیەی، کە ساڵانە هەزارەها منداڵی کیژۆڵەی کورد تیایدا قوربانین. لە هەمان کاتدا بەڕێز جەعفەر گوانی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتی زانایانی کورد، دەفەرموێت: "بەپێی فەتواکە خەتەنەکردن لە ئاینی ئیسلامدا واجب نییە، بەڵکو نەریتێکی کۆنە" .

بێگومان لێرەدا زانایانی ئیسلام و لیژنەی فەتوا دەیانتوانی ڕۆڵێکی پۆزەتیڤ یان پۆزەتیڤتر ببینن، بەڵام ئەم فەتوایەی دوایی لیژنەکە بڕیاری مامەڵە و کێشە دەروونیی و جەستەییەکانی کیژۆڵەکە دەخاتە دەست کەسێکی ترەوە، کە بەخێوکەرێتی. خودی ئەم دەستەواژەیەش جگە لە ڕێخۆشکردن بۆ بەردەوامبوون لە خەتەنەکردنی ئافرەتان هیچ شتێکی تری تیادا بەدی ناکەم، ئەویش نەک بە ڕەزامەندی منداڵەکە بەڵکو بە بڕیاری بەخێوکەرەکانی. ئەمەش بەردی بناغەیەکە بۆ بەردوامبوون لە تاوانێکدا، کە بەرامبەر بە منداڵەکانی ئەم ناوچەیە ئەنجام دەدرێت. بەخێوکەرێک گەر تێگەشتن و ڕۆشنبیریی و زانستی لە ئاستێکی بەرزدا بێت، ئەوا گەر بۆ ساتێکیش بێت بیر لەو تاوانە ناکاتەوە. جا ڕۆڵی زانا ئیسلامییەکانمان لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانەدا دەبووایە ئەوە بووایە یاخود ڕێگەی ڕاست بۆ ئەو کەسانە ڕوون بکەنەوە یاخود ڕێگە چەوتەکە، گەر نەشتوانن قەدەغەی بکەن، ئەوا بە لایەنی کەمەوە ئەو ڕێگەیان لێ گرانتر بکەن پاش ئەوەی، کە دەزانن سەدەها هەزار هەن لەم کۆمەڵگایەدا، کە گوێڕایەڵی ئاین و مامۆستاکانین. لەم بارەدا ئاینەکە دەتوانێت ببێت بە ڕێگرێک لەو بڕیارەی، کە کەسێک تیایدا دەبێت بە قوربانیی بیروبۆچوونە هەڵەکانی کەسێکی تر.

لە لایەکی تر بۆچی بڕیاری جەستەی کەسێک "منداڵەکە" بە دەستی کەسێکی تر بێت "بەخێوکەرەکە"؟ ئایا سەدەها نەهامەتیی بە مارەدانی ناو بێشکە نەبوو بە وانە بۆ کۆمەڵگای کوردیی و بۆ زانایانی ئاینی، بۆ ئەوەی جارێکی تر چاو بە هەندێک پەیڕەو و دابونەریتدا بخشێننەوە؟ بۆ ئەوەی بڕیاری جەستە و ژیانی پێکەوەیی و چەندەها لایەنی تری کەسێک نەخەینە دەست کەسێکی ترەوە ئەگەرچی بەخێوکەریش بێت؟ من لەو باوەڕەیەدام کاتی ئەوە هاتبێت، کە لەو بیرۆکەیە دەرچین، کە بەخێوکەر و دایک و باوک مانای موڵکایەتی منداڵ بێت. لە چ فەرهەنگێکی مرۆڤایەتیدا کەسێک مافی ئەوەی هەیە تاوانێک لە جەستەی کەسێکی تردا بکات؟ گەر بریندارکردنی کەسێک لە هەموو ڕووانگەکانەوە قەدەغە و کارێکی نامرۆڤانە بێت، چونکە مرۆڤ مافی ئەوەی نییە، مامەڵە بە جەستەی کەسێکی ترەوە بکات، ئەوا دەبێت خەتەنە زۆر لەوە قەدەغەتر و نامرۆڤاییانەتر تەماشا بکرێت یاخود زانا ئاینییەکانمان بۆچوونێکی تریان هەیە؟ گەر خەتەنەکردنی کیژۆڵەیەک بە تاوانێکی مرۆڤانە دابنرێت، بە چ لۆژیکێک لیژنەی فەتوا مافی ئەو تاوانە بە سەربەستی دەداتە دەست بەخێوکەر؟

زانایانی ئیسلام هەمان زانایانن، کە هەمیشە باسی حەرامی کحول و قومار و . . . دەکەن وە لە وتەی ڕۆژی هەینیدا چەندەها ڕێنمایی و ئامۆژگاری هەزارەها کەس دەکەن. ئایا هەمان زانا و ئیمام نەگەشتوونەتە ئەو بڕوایەی، کە خەتەنەکردنی کیژۆڵەکانمان تاوانێکە و بەرامبەر منداڵەکانمان دەکرێت؟ هەروەک مامۆستا جەعفەر دووپاتی ئەوەی کردووە، کە "خەتەنە لە ڕووی تەندوستییەوە زیانی هەیە"، بەڵام بە بۆچوونی من سنوورەکان لێرەدا تەنها لە "زیان"دا ناوەستن و بەڵکو دەگاتە "لەناوبردن"ی کەسێک لە هەندێک ڕووی مرۆڤایەتییەوە. هەمیشە لە زانا ئاینییەکانەوە گوێمان لەوەیە، کە ئاینی ئیسلام شتێکی تیادا نییە کە دژ بە مرۆڤ و تەندروستیی مرۆڤ بێت. ئەی لێرەدا کە ئەم دیاردەیە بە شتێکی ناتەندروستی دەبینن، چ هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی دژی نەوەستن؟ بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە، کە زانا ئاینییەکانمان هەتا ئێستاش ناتوانن خۆیان یەکلا بکەنەوە و بڕیارێکی نێگەتیڤانە یان پۆزەتیڤانەی ڕوون و ئاشکرا سەبارەت بەم باسە بدەن، بەڵکو هەمیشە دەبێت ئاواتەخوازی ئەوە بین، ڕا و بۆچوونێکی ئاشکرایان هەبێت، کە لە ڕوانگە مرۆڤایەتییەکەوە پۆزەتیڤانە بووایە، چونکە زانایانی ئاینی دەبووایە لەوەش بگەشتنایە، کە قەدەغەنەکردنی هەندێک دیاردە و ڕێنەگرتنی وە بە تایبەتی لە ناو کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای کوردیدا، واتە ڕێخۆشکردن بۆ جێبەجێکردنی.

لە فەتواکەدا هەمدیسان دەڵێت: "خەتەنەکردن واجب نییە، بەڵام نەریتێکی کۆنە" ئایا بەم ڕستەیە دەیانەوێت چیمان پێ بڵێن؟ کە "واجب" نییە، ئەی جێبەجێکردنی چییە؟ ئایا چاکەیەکە و بە خەتەنەکردنی کچەکانمان خوا بە چاکە بۆمان دەنووسێت بۆ ئەوەی بچینە بەهەشت؟ ئایا بە ڕای زانایانی ئاینی کچەکانمان بخەینە بەر چەقۆ و گوێزانی ئەو نەزانانەی، کە ئەو منداڵانە دەکەن بە قوربانی نەزانینینان؟ خۆزگە زیاتر ڕوونکردنەوەیان دەدا لەسەر "بەڵام نەریتێکی کۆنە"، چونکە ئێمە زۆر نەریتی کۆنمان هەیە، کە زانا ئاینییەکان هەتا ئێستا نەفرەتیان لێ دەکەن. ئایا کە ئەم دیاردەیە "نەریتێکی کۆنە" بەردەوام بین لەسەری یان نا؟

کێشەی زانایان هەتا ئێستاش لەم بارەیەوە ئەوەیە، کە ناتوانن خۆیان لەو سنوورە دیاریکراوە خۆیان بهێننە دەرەوە و  ببن بە پارێزەرێک بۆ ئەو کیژۆڵانەی کە ساڵانە لە ناوچەکەدا خەتەنە دەکرێن، ئەویش بەهۆی پابەندبوونیان بە تەفسیر و شەرع و وتەکانی پێغەمبەرەوە، کە زۆر جار ناتوانن هەندێک کێشە یەکلا بکەنەوە.

من بێگومانم لەوەی گەر بۆ پیاوانیش خەتەنە بکرایە بەو شێوەیەی کە بۆ ئافرەت دەکرێت، نەک بەو شێوە نەریتییەی کە ئێستا باوە و گەر خەتەنەکە ببوایە بە لەناوبردنی نیوەی کۆئەندامی نێرینەی پیاوەکانمان، ئەو کاتە پیاوان هەستیان بەو تاوانە دەکرد، کە هەندێک دایک و باوک بەرامبەر منداڵەکان دەیکەن.

سەبارەت بەم کێشەیە منداڵانێک تیایدا دەبن بە قوربانی، کە نە دەسەڵاتیان لە بڕیاری خەتەنەکەدا هەیە و نە دەشزانن چییان لێ دەکرێت و نە ئاگادارن لە ئاسەوار و کاریگەرێتی ئەو تاوانە لەسەر باری دەروونیی و جەستەیی و ژیانی سێکسییان لە داهاتوودا، بەڵام خۆ زانا ئاینییەکانمان و دەسەڵاتدارەکانمان بە لایەنی کەمەوە ئەو زانیاریانەیان پێ گەشتووە، بەڵام هەر ئەمەندە دەتوانم بڵێم
هەزار حەیف و مەخابن بۆ فەتواکەتان

 

Comments (0)Add Comment

Write comment

busy
  Newer:

په‌یڤی کلیک

چه‌ند باڵنده پێویستی به‌ باڵه، مرۆڤیش ئه‌وه‌نده به‌ ئۆمێد...

په‌یڤه‌ زیندووه‌کان