
| خۆکوژیى گەنجان یان نەفرەتکردن لە دەسەڵاتى کوردى |
|
|
| کۆمهڵایهتی | |||
| Written by حهمهی ئهحمهد رهسوڵ - سلێمانی | |||
| Sunday, 11 July 2010 21:01 | |||
|
خۆکوشتن، دوا بڕیارى مرۆڤەو مەترسیدارترین بڕیارێکە کە مرۆڤ بیرى لێئەکاتەوەو کۆتایى بە ژیانى خۆى دێنێ، بەڵام (بۆچى و کەى و لە کوێ و کێ) ئەوانە هەمووى پرسیارگەلێکن کە لەمبارەیەوە توێژەرانى کۆمەڵایەتى و دەروونى ئاراستەى ئەو دیاردەیەى دەکەن. ئەگەر خۆکوشتن لە حاڵەتەوە بوو بە دیاردەو رێژەکەى رۆژ دواى رۆژ بەرز بۆوە پێویستە حکومەت و بەرپرسان گلۆپى پرتەقاڵى داگیرسێنن و زەنگى مەترسى لێبدەن، کەواتە خۆکوشتن تراژیدیترین و جەرگبڕترین رووداوێًکە کە لە وڵاتدا دەقەومێ. بێگومان، ئەوەى راستییە لەمبارەیەوە ئەوەیە کە ئەم حاڵًەتە لە کوردستاندا بۆتە دیاردەو رێژەکەى زۆر بەرز بۆتەوە، پێویستە دەسەڵاتى کوردى خۆڵ نەکاتە چاوى کەسەوەو دیزە بەدەرخۆنەى نەکات و لە کەسى نەشارێتەوە کەوا لە هەندێک جێگاو شوێن و دەڤەرى کوردستاندا، ئەم دیاردەیە بۆتە کارێکى رۆژانەى گەنجان، بە تایبەتى لە پارێزگاى سلێمانیدا، لەناو شارى سلێمانى، لە دەربەندیخان، لە ناوچەى پشدەرو رانیەو بتوێن، لە شارەزوور، دیاردەى خۆکوشتن زۆر بەرەزە.. تەنانەت لە دەربەندیخان درەختێکى پیرۆز کە جێنزرگەو مەزارى ئیمام محەمەدە بۆتە درەختى خۆ هەڵواسین و مەرگى نەوجەوان و گەنجە جوانەکانى دەربەندیخان.. زۆرینەیان کوڕى گەنجى بیست ساڵانن، کچى گەنجیش هەمان شێوە هەر رێژەیەکى مەترسیدار پێکدێنن لەو گەنجانەى خۆیان دەکوژن و بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە. بەڵام بۆچى من ئۆباڵى ئەو خۆکوژییە تراژیدییە دەخەمە پاڵ دەسەڵاتى کوردییەوە؟؟ ئایا ئەمە تۆمەتەو لەخۆوە دەمەوێت دەسەڵات/ واتە حکومەت و حزبەکان تۆمەتبار بکەم و بڕایەوە. ئایا دەمەوێت چاو دابخەم و کوێرانە فیشەک بە تاریکییەوە بنێم و خۆم بکەم بە دوژمن و نەیارێکى تفت و تاڵى ئەم دەسەڵاتەو ئیدى بە چەپ و راست پێى بکێشم و شەلم کوێرم ناپارێزم بە چاک و خراپەکانى ئەم دەسەڵاتەدا بدەم؟!! یان مەسەلە واقیعییەو ئێمەى توێژەرانى کۆمەڵایەتى و دەروونى هۆکارەکان بە هێند وەردەگرین نەک دەرەنجامى ئەم حاڵەتە کە بۆتە دیاردە.. رەنگە زۆر کەس هەبن بڵێن ئەى ئەوە نییە لە فیلەندو ئەمەریکاو ژاپۆنیش ئەم حاڵەتە بۆتە دیاردەو جیهانى گرتۆتەوە. بەڵام ئەوەى راستى بێت لە کوردستاندا خۆکوشتن یان خۆ سووتاندنى کچان و ژنان خاڵەت بووەو لێرەو لەوێ و ساڵانە دەقەومان و روویاندەدا. ئەمڕۆ لەژێر سایەى راپەرین و ئازادییەوە کەشوهەوایەکى بێسەروبەرەو بێنەوبەردەى داهات و بوودجەى بێشوومارى خەڵکى کوردستان کەوتۆتە ژێر چنگى حزب و دەسەڵاتى کوردییەوە کە بێبەرنامەڕێژى و بێ هەبوونى عەدالەتى کۆمەڵایەتى لە دابەشکردنى ئەو داهاتە زەبەلاحەدا و قۆرخکردنى لە لایەن پێنج سەد بەرپرسى مەکتەب سیاسییەکانى ئەم نیشتمانە هەشبەسەرەدا، ئەو ژیانە تاقەت پڕوکێنەى دروست کردووە کە بەر لە هەر کەسێک گەنجان هەستى پێدەکەن. زۆرینەى زۆرى گەنجى کوردستان نەمرى و نەژى خوێندن تەواو دەکەن و لە خێزانى هەژاردا بە بێبەشى و حیرمانەوە دەگوزەرێن و بگرە هەیانە بە درێژایى هەفتەیەک تاقە یەک هەزار دینارى پێ نییە، لەکاتێکدا بە بێبەرنامەو بێسەروبەرە، بازرگانەکانمان( کە زۆرینەیان بەرپرسن) بازاڕیان پڕ کردووە لە ئامێرو کەرەستەى کارەبایى و ئەلکترۆنى، کە پێش هەموو کەسێک گەنج خەونى پێوە دەبینێ و حەز بە موڵکداریى مۆبایل و لاپتۆپ و شاشەى فلات و سەیارەى مۆدێل بەرزو چى و چى دیکە دەکات کە بێ ئەندازە بازاڕەکانمانى سیخناخ کردووەو گەنجانى چاوچنۆک و بێسەبرو بەرژەوەندخوازو پارەپەرست کردووە. هەلى کەمى کارو دامەزراندنى گەنجان بەبێ تەزکییەى حزبى و واستە، هەروەها کەمى و نەبوونى شوێنى حەواندنەوەى هەرزان و شوێن گۆڕەپانى یارى بە نرخێکى هەرزان و سەر بە کەرتى گشتى و حکومى، ئەو کەشوهەوایەى دروست کردووە کە یەکەمین زەبرێک لە گەنج بدرێت و هەست بە حیرمان و بێئومێدى و خولانەوە بکات لە بازنەیەکى بەتاڵدا.. نەبوونى بەرنامەو پڕۆژەى پەرلەمان و حزبە دەسەڵاتدارەکان لە هەمبەر ژیانى کۆمەڵایەتى و ئابوورى گەنجدا، حاڵەتێکى هەتیوى بەرەڵابوونى لاى گەنج دروست کردووە کە زۆرینەیان پێیان وایە کە دەسەڵات کار بۆ مەیسەر کردنى ژیانى ئاسایى و ئاسانکارى بوارەکانى دامەزراندن و هاوسەرگیریان ناکات.. گەنج دەناسم چونکە بێ پشتو پەنان و حزبى نین و کەسیش ناناسن، چوار ساڵە پەیمانگاى گەشتوگوزارى تەواو کردووەو دانەمەزراوە، لەکاتێکدا کوردستان وەکو سویسرا جێ و شوێنى گەشت و هاوینەهەوارى هەیەو دەکرا سوود لەو بوارە وەرگیرێت. دروستکردنى کارگەى ئاسانى وەکو مافوورو چنین و جگەرەو دۆشاو و مرەباو زەیت و شامپۆو سابوون کە پێش راپەڕین و لە سەردەمى دیکتاتۆردا هەبوون ئێستا پووکاونەتەوە دەکرا دابمەزرایەو بە لێشاو گەنجان لەو شوێنانە کاریان بکردایە.. دەشکرا لە تەنیشت ئەو کارگانەوە( وەکو هەندەران) گۆڕەپانى یارى و پڕۆژەى نیشتەجێبوون (بە شێوەى قیست) دابمەزرایە ( کە من ئەو پڕۆژانەم پێشکەش بە زۆرێک لە بەرپرسان و وەزیرى لاوانى پێشوو، سەرۆک وەزیرانى ئێستا/ لە ڕێى سایتەکەیەوە/ کردوون و وەڵامیان نەبووە.) ئەو رێکلامانەى لە تەلەفزیۆن نیشان دەدرێن و ڤێلاو شووقەو خانوو بۆ دەوڵەمەندەکان مەزاد دەکەن، گەورەترین کاریگەرى سەلبى و خراپ بەسەر دەروونى گەنجەوە بەجێدێڵن، بەڵام کوان راوێژکارو دڵسۆزو میهرەبان و ژیر لەم حکومەت و حزبانەى کوردستاندا. زۆرن ئەو دەرفەت و هەلانەى کە پێویست بوو بەر لە کوڕانى بەرپرس و بنەماڵەکانیان، بەر لە بیناو ئاپارتمانە هەڵکشاوەکانى شارو هەزاران دۆنمە زەوى و کۆشک و تەلارەکانى ناویان و شەوانى سوورى بەر ئاگرى سەماکاران، دەبوو پڕۆژەى ژیان خۆشى و ئاسانکاریى گوزەران بۆ گەنجى هەژارو نەدارى زۆرینەى کوردستان بڕەخسایە، بەڵام بەرژەوەندیخوازى و بیرى تەسکى حزبایەتى و خزمایەتى و ماشینەوەى داهات و بوودجەى زەبەلاحى کوردستان کە بۆ خەڵک و دانیشتوانى ئەم هەرێمە دابینکراوە، ناعەدالەتیى کۆمەڵایەتى و ناشەفافییەت و لێنەپرسینەوەى گەندەڵ و پەراوێزکردنى توێژى بەرفراوانى گەنجان کە ( 63%) ى دانیشتوانمان پێکدێنن، بۆتەهۆى بێئومێد بوون و لە هیوابڕانى گەنجانێک کە زۆرینەیان هەژارن و بێ پشتو پەناو ناحزبى و سەربەخۆن، بۆیە ئەوان دەستگێڕو عەرەبانە بەدەست و شۆفێرى تاکسییە بێشومارەکانن کە هەر دە کەس و یەک تاکسیان بەردەکەوێت و لەوەشدا قازانجى بەرپرسەو زەرەرو زیانى گەنجان.. بە کورتى: قورساییەکى زۆرو زەوەندە لەسەر گەنجانە، خەرجى و مەسرەفیان لەم گرانییەدا( کە ئەویش لە ئەستۆى دەسەڵاتە) ئەوەندە زۆرە کە ناتوانن پاش خوێندن دابمەزرێنن بەبێ واستەو تەزکیەى حزبى، ناتوانن خولیاکانیان لە کەلاوەکانى شارو شارۆچکەکاندا ( لە جیاتى گۆڕەپان و مەلەوانگەى گەورەى حکومى) مەیسەر بکەن.. ناتوانن سەفەرێک و گەشتێکى ئاسایى بکەن بۆ ناوەوەو دەرەوەى وڵات کە سەرەکیترین مافى مرۆڤە لەسەر زەوى.. ناتوانن پڕۆسەى هاوسەرگیرى مەیسەر بکەن چونکە تێچوونى زۆرەو شوێنى نیشتەجێیان هەرگیز بۆ دابین ناکرێت ( هەرچەندە بەقسەى ئەم حکومەتە بێت خانوو یان شوقەى هەرزان بۆ کرێچییەکانمان پاش ماوەیەکى زۆر کەم حازر دەبێت)..
کەواتە گەنج لەژێر فشارێکى زۆر گەورەدایە، بەڵام کە نە حکومەت و نە حزب و نە ریکخراوەکانمان راپرسی و تۆژینەوەو لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونى بۆ نەکەن، کێ دەتوانێت بچێتە ژێر پێستەوەو ئەم هەموو رەزالەتییەى گەنجانمان هەست پێبکات.. پیاوى تێر ئاگاى لە برسى نییەو پیاوى دەوڵەمەند بێزى نایەت تەماشاى هەژار بکات.. پیاوى حزبیش پەرۆشى هاووڵاتى نابێت.
Set as favorite
Bookmark
Email this
Hits: 9773 Comments (0)
![]() Write comment
|
پهیڤی کلیک
| ئایا دهزانی کاتێ دهپژمی دڵت بهقهدهر 1 میلیونیومی چرکه دهوهستێ؟ |
پهیڤه زیندووهکان
-
عەرەب مەکتەب دەرووخێنێ .Read more...
تورک کتێب دەسووتێنێ .
فورس ، رێ بەمین دەچێنێ.


