
| زۆرانبازی لە پێناو وشەیەکی زیاتردا کێشەی زمان لە لای منداڵان |
|
|
| کۆمهڵایهتی | |||
| Written by کامهران چڕوستانی - ئهڵمانیا | |||
| Tuesday, 29 June 2010 07:42 | |||
|
منداڵان وشەیان کەمە، بەڵام هەرچۆنێک بێت لە کۆتاییدا هەر دەبێت بدوێن، لە پاش ئەمەش بخوێننەوە و بنوسن. گەر منداڵێک لە هاوتەمەنەکانی خۆی دوا کەوت، ئەمە هێمایەکە بۆ لاوازی و کێشەیەکی خوێندنەوە و نووسین. ئایا منداڵەکەت وشەیەک هەڵدەگەڕێنێتەوە یاخود هەندێک دەستەواژەی لە بیر دەچێتەوە، کە لە پێشدا توانیویەتی؟ ئایا منداڵەکەت بە ناڕوونی قسە دەکات و حەز دەکات تاکەوشە بەکاربهێنێت زیاتر لە ڕستە، هەرچەندە هاوتەمەنەکەی دەتوانێت چیرۆکیش بگێڕێتەوە؟ ئایا ئەم لاوازییە بارێکی کاتییە و تێدەپەڕێت یاخود کێشەی لاوازیی فێربوونە؟ ئەم شتە تەنها پزیشک، زمانەوان" Logopäde"، دەرونناسی منداڵان یاخود زمانچارەسەرکەری تایبەت دەتوانێت ئەمە دیاری بکات. بۆ دایک و باوکیش یەک خاڵ هەیە کە دەبێت سەرنجی بدەن: یەکێک لە دیاردەکانی کێشەی گەشەی زمانەوانی بریتییە لە: منداڵەکە بە چەندەها مانگ هیچ پێشکەوتنێک بە خۆیەوە نابینێت. یەکەم جار لەوانەیە هەر لە کاتی کۆرپەییەوە دەربکەوێت. ئەگینا لە پاش کۆرپەیی لای منداڵی بچوک ئەم کێشەیە ڕوونتر دەردەکەوێت. بۆ نموونە: کاتێک منداڵێکی سێ ساڵانە کەمتر لە پەنجا وشە بزانێت، کە منداڵێکی دوو ساڵە هێندە دەزانێت. بە سێ ساڵی دەبێت منداڵەکەت ڕستەی سادە بە بێ کێشە و بە ڕوونیی دەرببڕێت.
دوودڵن لەوەی کە منداڵەکەتان ناتوانێت بە باشی ڕستەکان دەرببڕێت، باشتر وایە بچن بۆ لای کەسی تاییبەتمەند بۆ یارمەتی. چەند زووتریش بچن بۆ دیاریکردنی کێشەکە، هێندە باشترە بۆ گەشەی منداڵەکەت. لەبەرئەوەی منداڵەکە هەمیشە دوودڵ دەبێت لە خۆی، کە تواناکانی خۆی بە ناتەواوی و ڕەشبینی دەبینێت. لەوانەشە لە باخچەی ساوایان یاخود قوتابخانە هەمیشە داوای لێ بکرێت، کە هەوڵ بدات بۆ چاککردنی زمانەکەی، لەبەر ئەوەی زۆر کەسانی قوتابخانە و باخچەی ساوایان لەو بۆچوونەدان مامەڵە سەرنجڕاکێشەکان و کەمتوانایی فێربوونی منداڵ لەگەڵ کاتدا چارەسەر دەبێت و هەروەها دەتوانرێت بە ئاسانی زاڵ ببن بەسەر دواکەوتنەکەی لە هاوتەمەنەکانی . بەڵام دیاردەکان شتێکی تر دەردەخەن، کە کێشەی زمانەوانی کێشە و ڕێگری تر بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێت و شتەکان هەروا سادە نین. لە لایەنە کۆمەڵایەتییەکەشەوە: ئەو کەسەی نەتوانێت هاودوان بێت لەگەڵ دەوروبەردا، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا کێشەی دەبێت. زۆر مامۆستا لەو باوەڕەدان، کە لێگاستێنی بوونی نییە. بۆچی منداڵێک کێشەی ڕێنووسی هەیە و زۆر جاریش ئەم دیاردەیە بە شاراوەیی دەمێنێتەوە. زۆرجار دایک و باوکەکە لاوازی خۆیان بەبیر دێتەوە کە لەگەڵ خوێندن و نووسیندا هەیان بووە. هۆکاری ئەم کێشەیەش هەندێک جار دەگەڕێتەوە بۆ کەمی بایەخ و کات بە منداڵەکە. هۆکاری جەستەییش وەک لاوازی بینین یاخود گوێگرانیی لەوانەیە ببن بە هۆکارێک بۆ ئەم کێشەیە.
لەسەرەتای ژیاندا مرۆڤ زۆرترین شت فێر دەبێت: خواردن، ڕۆشتن، خواردنەوە و هەروەها قسەکردن. ئەو کەسەی فێر ببێت، هەڵەش دەکات. گەر منداڵەکەت بڵێ "مەرد" وە مەبەستی لە "بەرد" بێت، ئەوا شتێکی ئاساییە، چونکە ناتوانێت بە ڕاستی دان بە وشەکەدا بنیت. بەڵام پاش دوو سال ئەم کێشەیە بوونی نابێت: منداڵێکی چوارساڵ دەبێت پێکهاتەی ڕستەی ئاڵۆز بتوانیت. ئەوەی بڕیاردەرە بریتی نییە لە هەڵەکە، بەلکو بریتییە لەوەی ئایا چەند ئەم منداڵە بەردەوام دەبێت لە هەمان هەڵەدا. کێشەی کۆرپە بچکۆلەکان لەگەل قوتدان و خواردنەوەدا لەوانەیە یەکەم ئیشارەت بن بۆ ئەم نەخۆشییە، بەڵام پێش بڕیاردان دەبێت ئەو پرسیارە بخرێتە بەردەم پزیشک. کۆرپەیەک هەر لە مانگی یەکەمەوە قوڵتەقوڵت دەکات و لە مانگی سێهەمەوە کۆرپە دەست دەکات بە گڕوگال. بەڵام گەر منداڵەکەت لە کاردانەوە و پەیوەندیدا دوا بکەوێت، ئەوا دوودڵ مەبە چونکە 75% لەپاش تەمەنی پینج مانگی دەکەونە پەیوەندییەوە. ئایا بواری گەشەسەندنە تەندروستەکە چەندە، ئەوا ئەم ژمارانە هەندێک زانیاری دەردەخەن: هەندێک منداڵ لە تەمەنی دوانزە مانگیدا هەندێک وشە بە ڕاستی دەزانێت و دەیانڵێت، بەڵام 75% بە هەژدە مانگی لە هەمان ئاستدا دەبن. هەندیک منداڵ بە چواردە مانگی هەندێک ڕستەی دووسێ وشەیی دەتوانن دەرببڕن، بەڵام زۆربەیان بەر لە دووساڵیی دەتوانن بگەنە ئەو ئاستە. لە تەمەنی سی مانگیدا 97%ی منداڵان دەگەنە ئەوەی کە ئەو ڕستە سادانە دەرببڕن. گەر منداڵەکەت لەم پاشەکشییە هەر بەردەوام بوو، ئەوا دەبێت بڕیار بدەن: بەبێ یارمەتی تایبەتمەندان ناتوانین کێشەکانی فێربوون چارەسەر بکرێت. لەوانەیە لە سەرەتادا بەوە دەست پێ بکرێت هەندێک پلانی دیفاعیی بەجێ بهینرێت واتە پلانێک دابنرێت بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە بەرەوە گەورەبوون و زیادبوون نەڕوات، بەڵکو لەو ئاستەی خۆیدا ڕابگیرێت و لەپاشدا پلان دابنرێت بۆ چارەسەرکردنی، چونکە منداڵەکەت هەمیشە لاوازی خۆی سەبارەت بە دەربڕین دەبینێت. منداڵێک، کە بە تەمەنی چوار ساڵیی نەتوانێت ڕستە و دەستەواژەکانی خۆی دەرببڕێت و دەوروبەریش تێی نەگەن، ئەوا لەوە زیاتر پرسیار ناکات و لەوانەشە هەمیشە بەرەو کەمتر قسەکردن بڕوات.
گەر مندالەکەت گرفتی لەگەل قسەکردندا هەیە، هۆکارەکانی لەوانەیە زۆر بن. بێگومان بۆ هەموو کەسێک لەو دەوروبەرە گرنگە، کە بزانن ئایا هۆکارەکانی چین. پزیشکیش دەبێت بە شێوەیەکی زنجیرەیی هەموو تواناکان بەکاربهنیت و هەروەها توانا جەستەییەکانیش بپشکنێت بۆ جارەسەر، چونکە لەوانەیە مداڵەکەت کێشەی بینینی هەبێت یاخود لەوانەیە هەوبوونی گوێچکەی ناوەڕاستی هەبێت و نەتوانێت باش گوێی لە وتووێژ بێت. هەروەها پزیشک دەتوانێت ئەوەش بپشکنیت، ئایا هیچ تێکچوونیکی دەماریی لە ئارادا هەیە: ئەم گرفتانە دەتوانن ببنە هۆی تێکچوونی تواناکانی زمانەوانیی. لەوانەشە کاتی بەر لەدایکبوون ڕۆلی خۆی ببینیت، بۆ نموونە گەر دایکەکە لە کاتی سکبووندا نەخۆس بووبیت. گەر مندالەکە پێشکات لەدایک بووبێت لەوانەیە ئەمەش کاریگەری خۆی هەبیت لە گەشە سەندنەکاندا. لەگەڵ ئەمەشدا کێشەی زمانەوانی مندالەکە لەوانەیە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە کەم هانی بدرێت و قسەی لەگەڵدا بکرێت. بۆ کێشانی وێنەیەکی جێگیر زۆر بیرۆکە دێتە پێشەوە، کە بتوانین هۆکارەکان دیاری بکەین. کاتێک هۆکارەکان ڕوون دەکرێنەوە، لەگەڵ پزیشکەکەدا هەنگاوەکانی چارەسەر دیاری دەکرێن و ئامانجە واقیعییەکان دادەڕیژرێن.
لەم سەردەمەدا زانست وا دەبینیت، کە ئەم منداڵانە کەمتر بە بێچارەسەر واز لێ هێنراون. ئەم منداڵانە لە تەمەنی دوو ساڵیدا دوورن لەوەی کە فەرهەنگەکەیان ٥٠ وشەی تیدا بێت و بتوانن ڕستەی یەک وشەیی بنیات بنێن. وە لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەخەن، کە تەنها 50% ئەم منداڵانە دەتوانن هەتا تەمەنی سێ ساڵی لەم کێشەیە دەربچن. بۆ ئەوەی بێگومان بین، ئایا منداڵەکە لە چ بارێکدایە، دەبێت پزیشک پشکنینی ئاستی زیرەکیی و توانای زمانەوانی بۆ منداڵەکە بکات. لەم پشکنینەشدا تەنها سەیری توانا زمانەوانییەکەی منداڵەکە ناکرێت، بەڵکو سەرنج لە توانای جوڵەیی ئەو تەمەنەی منداڵەش دەکرێت، هەروەها توانای گوێ، چاو، چەند دەتوانێت بە ئازادی بڕیاری خۆی بدات و هەروەها ئایا بە ئاسانی پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەردا دەکات. گەر دایک و باوک لە ئەنجامی پشکنینەکانی پزیشکەکە دوودڵ بوون، باشتر وایە ڕوو بکەنە پزیشکێکی تر، چونکە بواری زمان و کێشەکانی زۆر بەرفراوان و ئاڵۆزە. بڕیاردانێکیش بۆ داهاتوو خاڵێکی گرانە و زیاتر پشت بەوە دەبەستێت، ئایا چۆن منداڵەکەت پەروەردە دەکەیت، چ چارەسەرێک دەکرێت وە چ هەنگاوێک بۆ منداڵەکەت دەنێیت. هەموو پلانەکانیش نابێت تەنها لاوازییەکە چارەسەر بکات، بەڵکو دەبێت منداڵەکەت بەهێز بکات. مامەڵەیەکی زیرەکانە لەگەڵ زمانی منداڵەکەتدا یاریکردن لە ماڵەوە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت بە تایبەتی بۆ منداڵە بچکۆلەکان. بە هوشیاریی لەگەڵ شێوازی قسە و وتووێژەکانت لەگەڵ منداڵەکەدا بجوڵێرەوە. پێکەوە بخوێنن و هەوڵ بدە پێکەوە بچن بۆ وەرزش: هەموو ئەم شتانە کاردەکاتە سەر گەشەسەندنی منداڵەکەت. گەر کێشەی زمانەوانی منداڵەکەت گەورەتر بوو لە ئاسایی، باشتر وایە لە نێوان تەمەنی دوو سێ ساڵیدا بیگەێنیتە لای پسپۆری تایبەت چونکە هەرچەندە منداڵ بێت هێندە چارەسەری ئاسانتر و بوار فراوانترە. وەک یەکەم کەس کە پەیوەندییەکی لەم جیهانەدا لەگەڵ ئەو کۆرپەیەدا بەستبێت، هەرگیز کاریگەریی و ماندووبوونی خۆت زۆربەها دامەنێ. ئەو دایک و باوکەی کە گەشە و پەرەی منداڵەکە دەخوازن و خۆشی خۆیان لەگەڵ منداڵەکەدا بە وتووێژ دەردەبڕن کارێکی زۆر بەرز بەجێ دەهێنن. ڕۆڵی ئەوانیش لە یەکەم ساتی لەدایکبوونەوە دەردەکەوێت: لە کاتی شیردان و پێچانەوەی منداڵەکەتدا هەمیشە قسەی لەگەڵدا بکە و تەماشای منداڵەکەت بکە. بەردەوامبوونی پەیوەندیکردن لەگەل منداڵدا بە وتە لە یەکەم ڕۆژی لەدایکبوونەوە کاریگەرێکی زۆری هەیە بۆ ئەوەی منداڵ لەم کێشەیە دوور بێت و لە هەمان کاتدا منداڵەکەت زوو فێری زمان بێت، جگە لەوەی کۆرپە هەست بە بایەخ و خۆشەویستی دایک و باوک دەکات. هەوڵ بدە، کە هەمیشە بە ڕاستی و ڕەوانی قسە لەگەڵ منداڵەکەتدا بکەیت. واتە گەر منداڵەکەت بە هەڵە وشەیەکی دەربڕی، هەوڵ مەدە لە خۆشەویستی منداڵەکەت بە زمانی ئەو هەلەکە دووبارە بکەیتەوە، بەڵکو وشە ڕاستەکە دەرببڕە لە هەمان کاتدا بە بەردەوامی قسەکان بۆ منداڵەکەت ڕاست مەکەرەوە. لەوانەیە منداڵەکەت یاریدەدەرێک بێت بۆ ڕێنمایکردنی زمانەوانی بۆ نموونە: منداڵەکەت دەڵێت: "من یاری ئەوێت". باوکەکە دەتوانێت بڵێت:"بەڵێ، تۆ ئەتەوێت یارییەکت هەبێت". ئەم شێوازە ڕاستکردنەوەیەش کاتێک ڕۆڵی خۆی دەبینێت، ئەگەر دایک و باوکەکە ئەو زمانەی پێی دەدوێن زۆر بە باشی بیزانن، نەک زمانێکی بێیانی، کە بە تەواوەت نایزانن. زۆر لە پسپۆران داوای ئەوە دەکەن لە دایک و باوکان، کە پشتگیری منداڵەکانیان بۆ وەرزش بکەن، ئەگەرچی کێشە زمانەوانییەکان پابەند بن بە هۆکاری جینی یاخود جەستەیی. پەیوەندی نێوان گەشەی جەستەیی و زمانەوانی بایەخێکی زۆری پێ دراوە، بەڵام هەتا ئێستا زۆر نەخراوەتە ژێر لێکۆڵینەوە. گوێ لە مۆزیک بگرە لەگەل منداڵەکەتدا چونکە موزیکەکە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەوەی منداڵەکەت ئارەزوی سەما بکات، کە ئەویش چالاکییەکی جەستەیی و ڕۆحییە و هەروەها هانی بدات بۆ قسە، تەماشاکردن، گوێگرتن و کۆنترۆلکردنی بەشەکانی لەش. منداڵ هەرچۆنێک چارەسەر بکرێت، بێسوود دەبێت گەر قسەی لەگەڵدا نەکرێت و هەروەها ئەرکی پێ نەسپێردرێت وە لە بری ئەوانە وازی لێ بهێنرێت بە درێژایی کاتەکە بەدیار تەلەڤزیۆنەوە. منداڵ دەبێت تێر خەو بێت، خواردنی باش بێت و لە ئەمەندەی لە توانادا بێت لە هەرا و کێشەی ناو خێزان بە دوور بێت. لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەخەن، کە ئەو منداڵانەی کاتێکی زۆر لەگەڵ تەلەڤزیۆندا بەسەر دەبەن کێشەی خوێندنەوەیان زۆرتر هەیە، ئەویش بەهۆی ئەوەی زۆربەی وزەی هزریی خۆیان لە سەیرکردنەکەدا بەکار دەهێنن و ناتوانن بیری خۆیان لە لایەنی تردا بەکاربهێنن بە تایبەتی بۆ ئەم منداڵانەی کە کێشەی زیرەکیی یاخود زمانەوانییان هەیە. جگە لەوەی کە تەلەڤزیۆن منداڵ لەگەڵ بەشەکانی تری خێزانەکە جیا دەکاتەوە و بواری بایەخ و تێکەڵاوبوون و وتووێژ کەمتر دەکاتەوە. بۆ هەندێک منداڵیش تەلەڤزیۆن کەرەسەیەکە بۆ ڕاکردن لە تەنهایی و بێتاقەتیی، هەرچەندە تەنهاییەکەیان وەک بوونێک هەر دەمێنێتەوە. سەرنجی وەرگێڕ: بە داخەوە لە کوردستاندا هەتا ئێستا بواری ئەم کێشەیە بایەخیکی زۆری پێ نەدراوە و کەمی پسپۆرمان سەبارەت بە دەروونناسی منداڵان و کێشەی زمانەوانی زۆرە. جگە لەوەی کە ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەلگاکەمان لە ابریکی وادا نییە، کە دایک و باوکەکانمان زوو هەست بەو کێشانە بکەن و بەپیر چارەسەرەکانەوە بڕۆن. جگە لەوەش لەو باوەرەدا نیم مامۆستاکان و ئەوانەی لە بواری خویندندا کار دەکەن کێشەی ئەو مندالانە بخەنە ژێر پرسیار و توێژینەوە و جارەسەرکردن، بەڵکو زۆر جار بە شتیکی ئاسایی دادەنێن یاخود منداڵەکە دەخرێتە ژێر گومانی تەمەڵیی و گێلیی، بەبێ ئەوەی پرسیارێک لە هۆاکری ئەو لاوازییە لە خۆمان بکەین. بۆ نموونە ئایا چەند باوک و دایک دەزانن ئاستی زمانەوانی منداڵێک لە چ تەمەنیکدا دەبێت بگاتە چ ئاستێک؟ ئایا چەند لە دایک و باوکەکانمان شەوان بەر لە خەوتنی منداڵەکە چیرۆک بۆ منداڵەکان دەخویننەوە؟ ئایا چەند لە دایک و باوکەکانمان تەلەڤزیۆنیان کردووە بە کەرەسەیەک بۆ بێدەنگکردنی منداڵەکە و ڕاکردن لە بەرپرسیارێتی بەرامبەریان؟
Set as favorite
Bookmark
Email this
Hits: 10388 Comments (0)
![]() Write comment
|
پهیڤی کلیک
| بیرکردنهوه له کاری چاک ، مرۆڤ بهرهو کردنی دهبات- ئیمام عهلی |
پهیڤه زیندووهکان
-
عەرەب مەکتەب دەرووخێنێ .Read more...
تورک کتێب دەسووتێنێ .
فورس ، رێ بەمین دەچێنێ.


