وێنه‌ی گاله‌ری

Login


Home هه‌واڵ و ریپۆرتاژ له‌پیرمام دوو ژن وه‌ك پیاوان دوكاندارى ده‌كه‌ن
له‌پیرمام دوو ژن وه‌ك پیاوان دوكاندارى ده‌كه‌ن Print E-mail
ئیبراهیم عه‌باس - هه‌ولێر
User Rating: / 4
PoorBest 
هه‌واڵ و ریپۆرتاژ
Written by ئیبراهیم عه‌باس - هه‌ولێر   
Tuesday, 15 April 2008 04:59

سوعاد حه‌سه‌ن: باوه‌رِ بكه‌ ناتوانم دوو رِۆژ له‌ماڵ بیَئیش دابنیشم و زۆر نارِه‌حه‌تم گه‌ر بیَئیش له‌ماڵه‌وه‌ بم، به‌بیَ ئیشى ته‌قریبه‌ن تووشى نه‌خۆشى ده‌روونى ده‌بم

نه‌سیبه‌ مشه‌ختى: كریاره‌كانم زۆر خۆشحاڵن به‌كردنه‌وه‌ى دوكانه‌كه‌م، كرِیارمان زۆره‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌ڵیَن دوكانداره‌كه‌ ئافره‌ته‌.

ئه‌گه‌رچى چه‌ند ساڵیَكه‌ ئاڵوگۆرِه‌ كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورییه‌كانى كوردستان ئافره‌تیشیان هاوشانى پیاوان بۆ كاركرن هیَناوه‌ته‌ بازارِ، لیَ هیَشتا ده‌گمه‌نن ئه‌و ژنانه‌ى بارى بژیَوییان هه‌رجۆریَك بیَت بتوانن به‌ته‌نیاو به‌ده‌ستمایه‌ى خۆیان و سه‌ربه‌خۆ وه‌كو پیاوان و هاوشیَوه‌ى پیاوان دوكان دابنیَنن. چونكه‌ هیَشتاش كاریَكى وا بۆژنان زه‌مینه‌كه‌ى هیَنده‌ له‌بارنییه‌. وه‌نه‌بیَت ئه‌م حاڵه‌ته‌ بۆ هه‌موو ئافره‌تیَك وه‌كو یه‌ك بیَت و ژن و كچمان نه‌بیَت خۆى له‌قه‌ره‌ى كاریَكى وا نه‌دابیَت.

له‌شارۆچكه‌ى پیرمام و به‌ته‌نیشت دوكانى پیاوانه‌وه‌ دوو خانمى كوردى دوكاندار ماوه‌یه‌ك بوو به‌كاره‌كه‌یان سه‌ره‌نجى من و كرِیارانى ناو بازارِیان به‌ته‌واوى رِاكیَشابوو هه‌ربۆیه‌ ده‌میَك بوو خولیاى دواندنیان بۆ یه‌كیَك له‌رِۆژنامه‌كانى كوردستان بیرو هزریان داگیركربووم.

سوعاد حه‌سه‌ن یوسف ته‌مه‌ن سی و نۆ سال خاوه‌نى دوكانى جوانكارى له‌ناو رِاسته‌بازارى شارۆچكه‌ى پیرمام و نه‌سیبه‌ مشه‌ختى ئیسماعیلى ته‌مه‌ن بیست و یه‌ك سال خاوه‌نى دوكانى لیندا بۆ جلوبه‌رگى توركى منداڵان ته‌نها له‌كۆڵانیَك ئه‌و دیوى بازارِه‌وه‌، رِه‌نگه‌ یه‌كه‌م ئافره‌تبن له‌ته‌واوى كوردستان و شارۆچكه‌ى پیرمام كه‌ هاوشانى پیاوان به‌ده‌سمایه‌ى خۆیان و به‌ته‌نها بیریان له‌دانانى ئه‌و جۆره‌ دوكانه‌ كردبیَته‌وه‌ كه‌ساڵانیَكى زۆره‌و ئیَستاشى له‌گه‌ل دابیَت ئه‌م جۆره‌ كاره‌و خودى دوكاندارى له‌ناوبازارِى گشتى و بۆ ئافره‌تى گه‌نج له‌رِوانگه‌و كۆنه‌ستى پیاوى كورددا به‌حه‌رام ته‌ماشا كراوه‌. 

هۆكارى هاتنه‌ بازارِى ئه‌م دوو دوكانداره‌ هه‌رچیه‌ك بیَت جیا له‌وه‌ى خودى كاره‌كه‌ پیرۆزییه‌ك هه‌ڵده‌گریَت، چونكه‌ ئه‌مه‌ داهیَنانى رِیَچكه‌یه‌كى تازه‌یه‌و ده‌كریَت خانمانى ئیَمه‌ رِیَبوارى رِیَگایان بن. به‌ڵام له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا چیرۆك و ژیان و به‌سه‌رهاتی هه‌ریه‌كیَكیشیان بۆ ئه‌وه‌ ده‌بیَت له‌لایه‌ن ژنان خۆیانه‌وه‌ سوودى لیَ وه‌ربگیریَت.

سوعاد چۆن بوو دوكانى جوانكارى هه‌ڵبژارد؟

سوعادى سی و نۆ سال كه‌دایكى پیَنج منداڵه‌و له‌ناچاریداو به‌و هۆیه‌وه‌ى ماوه‌ى دوازده‌ ساڵه‌ هاوسه‌رو باوكى منداڵه‌كانى سه‌فه‌رى هۆڵنداى كردووه‌و به‌جیَیهیَشتوون ( دوازده‌ ساڵه‌ هاوسه‌ره‌كه‌م چووه‌ بۆ ئه‌وروپاو  هیچ هاوكاییه‌كى نه‌كردووم) بۆ بژیَووى خۆى و منداڵه‌كانى بیرى له‌دانانى ئه‌م دوكانه‌ كردۆته‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ به‌هۆى ئازارى ملى له‌كارى ساڵونى ئافه‌رتاندا تواناى ئیشى پیَشووى خۆى نه‌ماوه‌، ( به‌هۆى ئه‌وه‌ى ماوه‌ی سی سال له‌ئیَران بووم له‌وىَ فیَرى كارى رِازاندنه‌وه‌ى خانمان واته‌ ساڵۆن بووم. به‌ڵام به‌رده‌وامیم له‌م ئیشه‌ بۆ ماوه‌ى پازده‌ سال و ئازارى ملم ناچارى گۆرِینى ئیشه‌كه‌مى كردمه‌وه‌، ئیَستا كچیَكم كه‌شووى كردووه‌ ئه‌م كاره‌ ده‌كات، بۆیه‌ پیَم باش بوو دوكانى كه‌مالیات دابنیَم) جیاله‌وه‌ش كه‌نه‌بوونى هیچ ئافره‌تیَك له‌پیرمام كه‌دوكانیَكى له‌م جۆره‌ى هه‌بیَت هۆكارى هه‌ره‌ سه‌ره‌كى دوكاندارى سوعاد بووه‌( ئاخر دیتم هیچ ژنیَك له‌پیرمام و كوردستان نییه‌ دوكانى جوانكارى هه‌بیَت، له‌كاتیَكدا زۆریَك له‌ژنان پیَیان خۆشتره‌ بۆ ئه‌و پیَداویستییه‌ تایبه‌تیانه‌ى خۆیان، له‌گه‌ل دوكاندارى ژن مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و دوكانه‌م دانا).

ژیانبینى سوعادو به‌خته‌وه‌رى له‌كاره‌كه‌یدا

جیهانبینى خاتوو سوعادو بیَزارى له‌ته‌مبه‌ڵى و نه‌حه‌وانه‌وه‌ى له‌ماڵدا ئه‌و هۆكارانه‌ن كه‌ ئه‌و خاتوونه‌یان بۆ كردنى كاریَكى رِیَچكه‌ شكیَن كه‌زۆریش ئاسان نه‌بووه‌ هانداوه‌( باوه‌رِ بكه‌ ناتوانم دوو رِۆژ له‌ماڵ بیَئیش دابنیشم و زۆر نارِه‌حه‌تم گه‌ر بیَئیش له‌ماڵه‌وه‌ بم، به‌بیَ ئیشى ته‌قریبه‌ن تووشى نه‌خۆشى ده‌روونى ده‌بم، چونكه‌ فیَرى ئیش بوومه‌) ئه‌و هه‌ر چه‌نده‌ كه‌متر له‌ساڵیَكه‌ ئه‌م كاره‌ ده‌كات به‌ڵام خۆشه‌ویستى بۆ كاره‌كه‌ى به‌رِاده‌یه‌كه‌، خۆى به‌ته‌نها كرِین و هیَنان و فرۆشتنى دوكانه‌كه‌ى ده‌كات( خۆم به‌ته‌نها له‌هه‌ولیَر كه‌ل و په‌له‌كان ده‌كرِم، به‌ته‌نها ده‌یانهیَنم، وه‌ته‌نهاش وه‌كو ده‌بینى له‌سه‌ر دوكانم).

هه‌رچه‌نده‌ دوكانه‌كه‌ى هه‌موو كاتى رِۆژانه‌ى خاتوو سوعادى بردووه‌( له‌به‌یانییه‌وه‌ تا ئیَواره‌ لیَره‌م، جگه‌ له‌كاتى خواردنى فراڤین، به‌فریاى كارى ماڵه‌وه‌ش ده‌كه‌وم، هه‌ر چه‌نده‌ له‌ماڵه‌وه‌ كاره‌كان به‌هه‌ره‌وه‌زى دابه‌ش ده‌كه‌ین) به‌ڵام زۆر به‌خته‌وه‌ره‌ كه‌ خانه‌واده‌كه‌ى و ته‌نانه‌ت ده‌وروبه‌ریشى حه‌زیان به‌دوكاندارى ئه‌و هه‌یه‌و هیچ رِیَگرییه‌كى بۆ دروست ناكه‌ن. ( خانه‌واده‌كه‌مان و ته‌نانه‌ت هه‌ست ده‌كه‌م ده‌وروبه‌ریشم ئه‌و كاره‌ى منیان زۆر پیَخۆشه‌و هه‌رگیز رِیَگرییان لیَ نه‌كردووم چونكه‌ ده‌زانن له‌ناچاریداو بۆ ئه‌وه‌ى پاروه‌ نانیَك بۆ منداڵه‌كانم په‌یدا بكه‌م ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌م). هه‌ر بۆیه‌ برِیاریداوه‌ گویَ له‌و قسه‌و قسه‌ڵۆكانه‌ى به‌و ئافره‌تانه‌ى كارى رِیَچكه‌ شكیَن ده‌گوتریَت، نه‌گریَت ( زۆرم گویَ له‌و جۆره‌ قسانه‌ بووه‌و زۆرم بیستوون، بۆیه‌ به‌رِاشكاوى ده‌ڵیَم ئه‌وانه‌ى خراپ بیر ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌سانیَكى بیَ فه‌رهه‌نگن و گرنگ ئه‌وه‌یه‌ من له‌كریاره‌كانم ئاسووده‌م و پیَموایه‌ ئه‌وانیش هه‌روان). له‌رِاستیدا خۆم شایه‌تحاڵى ئه‌و نه‌رم و نیانییه‌ بووم كه‌ خانمى دوكاندار له‌گه‌ل كریاره‌كانى ده‌یكردو هه‌ر ئه‌ونده‌ى من له‌ویَ بووم چه‌ندان كریارى ئافره‌تم بینین كه‌ هیچ كامیَكیان به‌بیَ كرینى كه‌ل و په‌ل نه‌ده‌گه‌رِانه‌وه‌.
 
قه‌رزو ده‌ستمایه‌

هه‌ر كریاره‌كان نه‌ده‌بوونه‌ هۆى رِاگرتنى جاروبارى دیمانه‌كه‌م له‌گه‌ل سوعاد حه‌سه‌ن یوسفى ته‌مه‌ن سى و نۆ ساڵدا، به‌ڵكو چه‌ند جاریَك زه‌نگى ته‌له‌فۆنه‌كه‌ى ده‌ستى به‌كاریَكى وا رِا ده‌بوون، ئه‌وه‌ى له‌زۆرى ته‌له‌فۆنه‌كان بۆمن چاوه‌رِوان نه‌كراوبوو، زه‌نگى ته‌له‌فۆنى یه‌كیَك له‌و جومله‌ فرۆشانه‌ى هه‌ولیَر بوو كه‌خۆى و باوكى داواى قه‌رزیان ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام خانمى دوكاندار به‌سۆیَند خواردن به‌قورئان، خاوه‌ن قه‌رزى دڵنیا ده‌كرد، ئیَستا هیچ پاره‌یه‌كى له‌به‌ر ده‌ست نییه‌و به‌ڵیَنى پیَده‌دان قه‌رزه‌كانیان بۆ بگیَرِیَته‌وه‌.( گرفتى هه‌ره‌سه‌ره‌كى من ته‌نیا ده‌سمایه‌كه‌مه‌ كه‌به‌قه‌رز په‌یدام كردووه‌و به‌قورئان باوه‌رِ بكه‌ په‌نجاو پیَنج وه‌ره‌قه‌ى جومله‌ فرۆشانى هه‌ولیَر قه‌رزدارم). 

ده‌سكه‌وتى رِۆژانه‌

ده‌سكه‌وتى رِۆژانه‌ى سوعاد وه‌كو خۆى ده‌یگوت ته‌نها به‌شی ژیانیَكى مه‌مره‌و بژى ده‌كات، به‌ڵام برِوا به‌خۆبوونى ئه‌و هه‌موو ئه‌و گومانانه‌ى ده‌رِه‌وانده‌وه‌ كه‌بژیَوى ژیان بۆ سوعادو هه‌موو مرۆڤیَكى تر چه‌نده‌ سه‌خت بیَت، دواجار به‌رده‌وامى و رِاستگۆیى له‌كارو كرداردا سه‌ره‌نجامیَكى چاكى ده‌بیَت، كه‌من ئه‌و هیَزه‌یه‌م له‌و دوكانداره‌دا ده‌بینى ( ئه‌وه‌ى رِۆژانه‌ په‌یداى ده‌كه‌م ته‌نها مه‌مره‌و بژى پیَی ئیداره‌ ده‌كه‌م، ئه‌وه‌م پیَ باشتره‌ له‌وه‌ى ده‌ست له‌به‌ر خه‌ڵك پان بكه‌مه‌وه‌و نامه‌ویَت قه‌رزدارى هیچ كه‌سیَك بم و باوه‌رِیشم به‌وه‌یه‌ بۆ هیچ كاریَك له‌بازارِدا جیاوازى ژن و پیاو نییه‌ ) دواجار ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه‌ هیَنده‌ حه‌ز له‌كاركردن له‌بازارِ ده‌كات، ئه‌گه‌ر كه‌سیَكى تریش ئه‌و كاره‌ى له‌جیاتى بكات، لیَ ئه‌و ئاماده‌نییه‌ ده‌ستى لیَ هه‌ڵبگریَت.

كچه‌ پۆشاك فرۆشیَكى زیره‌ك

ده‌نگى سیدیه‌ فارسییه‌كه‌ى دوكانه‌كه‌ى نه‌سیبه‌ مشه‌ختى ئیسماعیلى بیست و یه‌ك سال كه‌به‌هۆى ئاواره‌بوونى خانه‌واده‌كه‌یان له‌ساوه‌ له‌وڵاتى ئیَران له‌دایك بووه‌و هه‌ر له‌ویَش نۆزده‌ساڵى ته‌مه‌نى به‌سه‌ر بردووه‌، له‌و به‌ره‌ نیورِۆیه‌دا بۆنه‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌له‌یه‌كه‌م سڵاوكردنم له‌دوكانه‌كه‌یداو خۆ پیَ ناسندنم باش حاڵى نه‌بیَت، ئاخر رِه‌نگه‌ خۆ ناساندنه‌كه‌م به‌لایه‌وه‌ زۆر چاوه‌رِوان نه‌كراو بووبیَت، یان رِه‌نگیشه‌ به‌هۆى به‌رزى ده‌نگى گۆرانییه‌كه‌ى مه‌هه‌ستى به‌باشى گویَبیستى قسه‌كانى من نه‌بووبیَت. خۆو شانس یه‌كیَك له‌كرِیاره‌ ژنه‌كان كه‌دیاربوو بۆ گۆرِینه‌وه‌ى جل و به‌رگى منداڵه‌كه‌ى هاتبوو خۆى كرد به‌ژووردا. خاوه‌ن دوكانم ئیزندا كرِیاره‌كه‌ى به‌رِیَ بكات، پیَموابوو ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ هه‌لیَكى گونجاوبوو تا له‌خۆ ناساندنه‌وه‌ى دووه‌ممدا ئه‌و دوكانداره‌ى ده‌میَك بوو ده‌مویست بیدۆیَنم، به‌سانایی رِازی ده‌بیَت. رِاستییه‌ى ئه‌و له‌وه‌ كراوه‌تر بوو كه‌داواى رِۆژنامه‌نووسیَك بۆ دیدار رِه‌تبكاته‌وه‌، به‌ڵام زیره‌كییه‌كه‌ى ئه‌و كاته‌ به‌دیار كه‌وت كه‌ بۆ دڵنیایی له‌قسه‌كانم پیَویست بوو ناسنامه‌ى رِۆژنامه‌وانى خۆمى نیشانبده‌م. كاتیَك ده‌ست به‌جیَ ئه‌وه‌م كرد، ئینجا به‌رِیَزو لوتفیَكى زۆره‌وه‌ وه‌ڵامى یه‌ك به‌یه‌كى پرسیاره‌كانمى به‌زیاده‌وه‌ ده‌دایه‌و له‌هه‌موو پرسیارانه‌شى له‌و خانمه‌م ده‌كردن ده‌تگوت پیَشوه‌خت پرسیاره‌كانى به‌ده‌ست گه‌یشتوون، بۆیه‌ زۆر به‌خیَرایى و وه‌ڵامى زۆر رِاشكاوانه‌ى ده‌دایه‌وه‌.

نه‌سیبه‌ چۆن و كه‌ى بوو به‌دوكاندار؟

دوا دووسال گه‌رِانه‌وه‌ى له‌وڵاتى ئیَران كه‌به‌زیَدى له‌دایكبوون و گه‌وره‌بوونى نه‌سیبه‌ مشه‌ختى ته‌مه‌ن بیست و یه‌ك سال داده‌نریَت، به‌هۆى ئاوه‌ره‌ى ماڵه‌باوانى له‌ساڵی 1975 دا، به‌تایبه‌ت هه‌شت ساڵى دواى كه‌ له‌ئیَران له‌كۆمپانیایه‌كى ئه‌هلی كارى كردووه‌و لیَره‌ زۆر هه‌وڵیداوه‌ كاریَكى له‌فه‌رمانگه‌و ده‌زگاكان به‌ده‌ست بكه‌ویَت (نزیكى دوو ساڵه‌ له‌ئیَران گه‌رِاومه‌ته‌وه‌ كوردستان، له‌ئیَران ماوه‌ى هه‌شت سال له‌كۆمپانیایه‌كى ئه‌هلى كارم ده‌كرد، دواى گه‌رِانه‌وه‌م بۆ كوردستان زۆر حه‌زم ده‌كرد ده‌وامیَك بۆخۆم په‌یدا بكه‌م، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵه‌كانم بىَ ئه‌نجام مانه‌وه‌). تا دوا جار میَردى خوشكه‌كه‌ى پیَشنیارى كردنه‌وه‌ى دوكانیَكى به‌گویَدا ده‌دات (میَردى خوشكه‌كه‌م فكره‌ى كردنه‌وه‌ى ئه‌و دوكانه‌ى پیَ وتم. وتى بادوكانیَكى فرۆشتنى جلوبه‌رگى منداڵان دابنیَین. چونكه‌ دوكانى پۆشاكى مندالآن له‌پیرمام زۆر كه‌مه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ جۆره‌كه‌یان توركى بیَت. منیش فكره‌كه‌م پیَ جوان بوو چونكه‌ ئه‌و كاته‌ى له‌بازارِ ده‌گه‌رِام ده‌مزانى كردنه‌وه‌ى دوكانیَكى ئاوا بۆمن خۆشییه‌كى تیَدایه‌و راستیه‌كه‌ى زۆر حه‌زم ده‌كرد )

سیماى تازه‌یى دوكانه‌كه‌ى ئه‌م كچه‌ بیست و یه‌ك به‌هارییه‌ كه‌هه‌ر خۆى به‌ته‌نها دوكانه‌كه‌ به‌رِیَوه‌ ده‌بات و له‌هیَنانى كاڵاكانیشدا هاوكارى زاواكه‌یان ده‌كات (به‌ته‌نها ئه‌و دوكانه‌ به‌رِیَوه‌ ده‌به‌م، به‌ڵام من و زاواكه‌مان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌چین له‌دهۆك شته‌كانمان ده‌كرِین ) هه‌ر له‌كاڵاكانى ناو كۆگایه‌كه‌ى دیار نییه‌، بگره‌ شیَوازى دانان و هه‌ڵواسینى پۆشاكه‌كان و ته‌واوى دیكۆرى دوكانه‌كه‌ جیاوازه‌ له‌هه‌موو دوكانه‌كانى پیاوانى ته‌نیشتى و بۆیه‌ كاتیَك وه‌ڵامى پرسیاره‌كانمى ده‌دایه‌و زوو زوو ده‌یووت ( شیَوازى دوكانه‌كه‌ خۆم دامناوه‌، به‌ڵام زاوایه‌كه‌شمان كه‌میَك هاوكارى كردووم)

ئه‌گه‌رچى هه‌مووى سیَ مانگه‌ نه‌سیبه‌ بووه‌ به‌دوكاندارو هیَشتا قازانج و زه‌ره‌رى دیارنییه‌، به‌ڵام پشترِاسته‌ كه‌خوا هاوكارى ده‌بیَت، له‌كاتیَكدا به‌شیَكى ده‌سمایه‌كه‌ى قه‌رز كردووه‌ (ده‌سمایه‌كه‌  به‌شیَكى هى خۆم  بووه‌و به‌شیَكیشم قه‌رز كردووه‌) به‌ڵام خۆشه‌ویستى بۆ ئه‌م كاره‌ ئاره‌زویه‌كى زۆری بۆ دروستكردووه‌و چونكه‌ باوه‌رِى به‌كاركردنى ئافره‌ت له‌بازارِدا هه‌یه‌ (به‌ڵام به‌باوه‌رِى خۆم ئافره‌ت هه‌ركاریَك وه‌كو پیاو یان هاوشانى پیاو بكات هیچ عه‌یبى تیَدانییه‌) ئاخر ئه‌و له‌ئیَران له‌دایكبووه‌و هه‌ر له‌ویَش گه‌وره‌ بووه‌، به‌قسه‌ى مشه‌ختى و هه‌موو ئه‌وانه‌ى ئیَرانیان بینییووه‌، كاریَكى ئاو بۆ كچیَك زۆر ئاساییه‌(من له‌ئیَران له‌دایكبووم و له‌وىَ گه‌وره‌بووم، له‌ویَ ئه‌و كارانه‌م زۆر دیتووه‌، واته‌ كاریَكى وه‌كو ئه‌وه‌ى من زۆر ئاساییه‌ له‌وڵاتى ئیَراندا. هه‌رچه‌نده‌ وڵاتیَكى ئیسلامییه‌، به‌ڵام ئافره‌ت رِیَزیَكى زۆر دانراوه‌ )

پیَداگرى نه‌سیبه‌و رِیَگرییه‌كانى به‌رده‌مى

ئه‌و كاته‌ى نه‌سیبه‌ له‌ دامه‌زاندن بیَ ئومیَد ده‌بیَت و دوو سال چاوه‌رِوان ده‌بیَت، بیَ ئه‌وه‌ى له‌قسه‌ى كۆمه‌ڵگاو ده‌وروبه‌رى بترسیَت به‌ئومیَده‌وه‌ رِوو له‌كارى ناوبازارِ به‌رِه‌نج و ده‌ستمایه‌ى خۆى ده‌نیَت (له‌قسه‌ى كۆمه‌ڵگا ناترسم، چونكه‌ دووساڵه‌ له‌كوردستانم چه‌ندین ده‌زگاو فه‌رمانگه‌م كردووه‌ دانه‌مه‌زراووم) به‌ڵام  باوكى جارى یه‌كه‌م پیَشنیارى كچه‌كه‌ى كه‌میَك به‌لاوه‌ گران ده‌بیَت، به‌ڵام پیَداگرى خۆی و هاوكارى دایك و برایه‌كه‌ى سه‌ره‌نجام به‌مرازى كردنه‌وه‌ى دوكانه‌كه‌ى ده‌گات. (جارى یه‌كه‌م باوكم پیَی خۆش نه‌بوو، ده‌یگوت شتیَكى جوان نییه‌ به‌ته‌نیا ئافره‌ت له‌سه‌ر دوكان بیَت، به‌ڵام دایكم و براكه‌م زۆریان پیَخۆش بوو، ده‌یانگوت هیچ عه‌یبه‌ى تیَدانییه‌و كاریَكى جوانه‌).

هه‌ر بۆیه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ئیَستادا خۆشحاڵى به‌و خانمه‌ به‌خشیووه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌مامه‌ڵه‌ى كریاره‌كانى زۆر ئاسووده‌یه‌. (كریاره‌كانم زۆر خۆشحاڵن به‌كردنه‌وه‌ى دوكانه‌كه‌م، خه‌ڵكیَكى زۆر پیَشوازیان لیَكردووه‌. كرِیارمان زۆره‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌ڵیَن دوكانداره‌كه‌ ئافره‌ته‌. خۆزگه‌ ده‌تبینى چۆن له‌گه‌ل كریاره‌كانم هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌م، كریار هه‌یه‌ ده‌ڵیَت جلكه‌كه‌ گچكه‌یه‌، هه‌یه‌ ده‌ڵیَ گه‌وره‌یه‌، یان ته‌نانه‌ت ده‌یهیَنیَته‌وه‌ ده‌ڵیَت منداڵه‌كه‌م پیَی جوان نه‌بووه‌، لیَی وه‌رده‌گرمه‌وه‌، ده‌ڵیَم ئاساییه‌ ئه‌وه‌ دوكانى خۆتانه‌. باوه‌رِ بكه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌و دوكانه‌م داناوه‌ تا كرِیار به‌ته‌واو دڵنیاییه‌وه‌ شتى خۆى بكرِیَت ).

په‌یامیَك بۆ ئافره‌تان

په‌یامى هه‌ردوو تاكه‌ دوكاندارى پیرمام و رِه‌نگه‌ هى كوردستانیش بۆ هاورِه‌گه‌زه‌كانیان ئه‌وه‌بوو كه‌ داوایان ده‌كرد ژنیش بیَته‌ مه‌یدانى كار له‌ناو بازارِو به‌رِه‌نج و ده‌سمایه‌ى خۆیان ئه‌و رِوانگه‌ باوانه‌ى كۆمه‌ڵگا كاڵبكه‌نه‌وه‌و بیر له‌ئابوورى سه‌ربه‌خۆ وه‌كو ژنانى ترى وڵاتان بكه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌رچى ئه‌م كاره‌ ماندوبوونیَكى زۆرو كات و هه‌وڵیَكى زۆریشى پیَویست بیَت.

 

 

تیَبینى: ئه‌م رِاپۆرته‌ به‌كورتكراوه‌یى و به‌هه‌ندیَك هه‌ڵه‌ى چاپه‌وه‌ له‌ژماره‌ ( 117 – سیَ شه‌ممه‌ 15-4-2008) رۆژنامه‌ى ئاویَنه‌ى هيژا بڵاوبۆته‌وه‌ .

Comments (0)Add Comment

Write comment

busy
  Newer:

په‌یڤی کلیک

خۆشه‌ویستیی ئه‌وانه‌ ‌ی ئێمه‌یان خۆش ده‌وێ کارێکی مازن نیه ! گرنگ ئه‌وه‌‌یه‌ ئه‌وانه‌مان خۆش بوێ که ئێمه‌یان خۆش ناوێ...

په‌یڤه‌ زیندووه‌کان