|
ئەوەی لە ئێستادا لە ناوەندە سیاسییەکان و راگەیاندنەکانی جیهاندا زیاتر بووەتە مژاری باس و گفتوگۆ، مەسەلەی (بەهاری عەرەبی) و کۆتایی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەیە. لە بەهاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا ئەوەی زیاتر پەیوەندیی بە مەسەلەی گۆڕانکارییەکی جددییەوە هەیە، پرسی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەیەتی کە زیاتر لە هەموو ئەگەرەکان مەترسی بۆ سەر ناوچەکە و جیهان دروست کردووە کە لەو ناوەندەدا وڵاتی ئیسرائیل زیاتر هەست بە مەترسییەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی دەکات و بەردەوام لە هەوڵی دروستکردنی کۆدەنگییەکدایە بۆ هێرشێکی ئاسمانیی لەناکاو بۆ سەر بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە چەند رۆژ پێش ئێستا بەرپرسانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی فەرمی لە راگەیاندنەکانی خۆیاندا باسی پلانی ئەو هێرشیان کردبوو بە مەبەستی راگرتنی ئەو بەرنامەیەی ئێران تەنانەت ئەگەر هەمیشەییش نەبێت، بتوانن چەند ساڵیکی تر ئێران لە گەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمی دوور بخەنەوە و ئەم پڕۆژەیە بۆ ماوەیەکیش بێت، ئیفلیجی بکەن.
روخانی سیستەمی دیکتاتۆری لە وڵاتانی عەرەبی ئیسلامی تا ئێستا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئێران نەبووە و بەرپرسانی ئێرانیش لەبری پەندوەرگرتن لە رووخان و کوشتنی سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی عەرەب، لە هەڕەشەکردن و پشتگیریی لە مانەوەی ئەو شێوازە حوکمڕانیانە کە هاوشێوەی خۆیانە بەردەوامن. بە تایبەتی سووریا کە هاوپەیمان و دۆستی ستراتیژیی ئێرانە لە ناوچەکەدا و ئێران لە زۆر رووەوە بە تێکچوونی سیستەمی بنەماڵەیی بەشار ئەسەد نیگرانە کە رەنگە دوا وێستگەی گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بێت. ئەویش لە رێگەی دەنگی ناڕازیی شەقام و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا بە گشتی و دەبێ چاوەڕۆانی ئەوەش بکەین کە ئێرانیش بکەوێتە لە ژێر مەترسیی ئەو شەپۆلە نوێیە کە بە بەهاری عەرەبی ناسراوە.
ئیسرائیل هیچ کات ئامادە نییە ئێرانیکی ئەتۆمی لە ناوچەکدا قبووڵ بکات و چاوەڕێی ئەوەی بکات کە ئێران بتوانێ بەرنامە ئەتۆمییەکەی خۆی تەواو بکات، بۆیە هەمیشە لە حاڵەتی هێرشدایە بۆ سەر ئێران، بەڵام وڵاتانی هاوپەیمان و بەتایبەتی ئەمریکا بەردەوام خەرێکی ئارامکردنەوەی ئیسرائیلین لە هەڵبژاردنی رێگەچارەی هێرشی سەربازی. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکاش بۆ خۆی بەردەوام لە حاڵەتی ئامادەییدایە و هەموو بژارەکانی زۆر روون و ئاشکران بۆ ئێران کە لە کۆتاییدا جگە لە هێرشی سەربازی، هیچ بژارێکی دیکە لە ئارادا نییە.
دیارە رۆژئاوا و ئەمریکا باش دەزانن کە تەنیا هۆکاری سەرکەوتنی ئێران گەیشتن بە چەکی پێشکەوتووی ئەتۆمییە، هەرچەندە ئەوەش بەس نییە بە تەنیا بۆ ئەوەی شەڕێکی تر لە ناوچەکەدا هەڵبگیرسێت. ئەمریکا لە دوای ساڵی 2003 هەوڵ دەدات کە بە هەموو شێوەیەک سەرچاوەکانی تیرۆر و بەرهەمهێنانی توندوتیژی لە ناوچەکەدا وشک بکات کە زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری تیرۆر و ترس، هاوپەیمانی نزیکی ئێرانن و لە هەموو روویەکەوە لە لایەن ئێرانەوە پاڵشتی دەکرێن. ناکرێت لە دەرەوەی پڕۆژەی (رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە)وە لە بەهاری عەرەبی بڕوانین کە ئەویش ستراتیژییەکی درێژخایەنە لەسەر بنەمای ژیۆپۆلێتیک و ژیۆئێکۆنۆمیک لە ناوچەکدا بۆ دروستکردنی سیستەمیکَی نوێ لە چوارچێوەی بەدیموکراتکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان لە فۆرمێکی تردا دەتوانین بڵێن "دیموکراسیی ئەمریکی" پیادە دەکرێت. چونکە ئەو دیموکراسییەی لە عێراقدا لە دایکبووە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ پاراستنی لە هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی وەک هەڕەشەی شیعەکان و پاشماوەی چەکدارەکانی سەددام حوسێن، پشت بە پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەبەستێت . یان ئێران کە بە مەترسی سەرەکی دادەندرێ لە دوای کشانەوە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە عێراق، ئەوەش لە لایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە بە روونی بەدیار کەوتووە کە رۆژانە چەندین گرووپ و رێکخراوی تیرۆریستی لە ناوخۆی عێراق چالاکیان هەیە و لە لایەن ئێرانەوە پڕچەک دەکرێن بۆ کاری تەقینەوە و کوشتنی سەربازانی ئەمریکا. کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە خاکی عێراق کە ئێران بە هەموو شێوەیەک لە رێگەی مەرجەعە شیعەکانەوە گوشاری دروست کردبوو.
لەناو ئەم نەخشە نوێیەدا ئیسرائیل رۆڵی یەکەمی بەردەکەوێ و دەبێتە داینەمۆی گۆڕان و وابەستەکردن و پشتیوانی لە بەدیموکراتکردنی ناوچەکە لە ژێر هەژموونی ئەمریکادا، بۆیە لێدانی دەهۆڵی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران و هەندێک لە وڵاتانی عەرەبیدا لە هەمووی زیاتر هەست پێ دەکرێت و ئەگەر لە گۆشەیەکی ترەوە سەیری بکەین، دەبینین کە ئیسرائیل ئەم جارە بە هەموو شێوەیەک خۆی بۆ جەنگی ئێران ئامادە دەکات. ناوەڕۆکی هەڕەشەکان زۆر ئاشکرا و روونە، هەڵبژاردەی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکە و بارەگا ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە لە ئێستادا ئامانجی سەرەکییە لە دوای ئەوەی کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وەزی ناوەکی لە دوایین راپۆرتی خۆیدا کۆمەڵێک گومانی لا دروست بووە لەسەر پڕۆژەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی کە ئێران زیاتر هەوڵەکانی خۆی چڕ کردووەتەوە بۆ تەواوکردنی لەو ماوەیەدا. بەرپرسانی حکوومەتی ئێستای ئێران لەسەر سیاسەتی هەڕەشەکردن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دوژمنەکانی لە ناوچەکە و رکەبەرەکانی وەک ئیسرائیل و تورکیا هەنکاو دەنین. ئێران وا دەبینێت کە ئەمریکا وەک تەوەری جەنگ ناساندوویەتی و چواردەوری بە بنکەی سەربازی گرتووە، لە پاڵ ئەوەشدا ئیسرائیل لەگەڵ بەکارهێنانی فڕۆکەکانی بۆ هێرشی ئاسمانی، دەتوانێ لە هێزی دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی (مۆساد)یش کەڵک وەربگرێت بۆ تێکشاندنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، هێرشی ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، کارەکە لە کۆڵ ئەمریکا دەکاتەوە و هەلی بۆ دەڕەخسێنێت تا زیاتر سەرقاڵی گرینگیدان بە چەسپاندنی ئارامی و ئاشتی لە هەندێک ناوچەی عێراق و دەوروبەریدا بێت. کات خێرا تێدەپەڕێت، هەربۆیە مەترسیی ئێران بۆسەر ئەمریکا کەمترە، بەڵام بۆ ئیسرائیل مەسەلەکە تەواو پێچەوانەیە.
دیارە بەشێکی زۆر لە چاودێران و رەخنەگرانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە دەرەوی وڵات باسی ئەوە دەکەن کە هێرش بۆ سەر ئێران شتێکی مەحاڵە و ئیسرائیل لە بەرنامەیدا نییە ئەو کارە بکات، چونکە ساڵانێکی زۆرە شەڕێک لە تاریکیدا بەڕەێوە دەچێ لە دژی ئێران لە رێگەی دەزگا هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا و ئەمریکا و ئیسرائیلەوە. مەسەلەی تیرۆری زانایانی ئەتۆمی ئێران و ناردنی ڤایرۆسی ئەلێکترۆنی بۆ تێکدانی سیستەمی ئەتۆمیی ئەم وڵاتە، بە مەبەستی راگرتن و خاوکردنەوەی پڕۆژە ئەتۆمییەکانی ئێرانن کە رەنگە ئەوەش چارەسەری کۆتایی نەبێت بۆ ئەوەی ئێران لە مەسەلەی گەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمی پاشگەز بکاتەوە.
ئیسرائیل لە ئێستادا لەسەر هێرش بۆ سەر ئێران زیاتر پێداگری دەکات. بە بۆچوونی بەرپرسانی ئیسرائیل هێرش بۆسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، دەبێ هەر ئەمڕۆ بێت، نەک سبەی. ئەم بۆچوونە لە ناوخۆی ئیسرائیل بەهەموو شێوەیەک رەنگی داوەتەوە. چونکە بەرپرسانی ئیسرائیل و کۆمەڵگەی ئیسرائیل بەگشتی لەمێژە کار لەسەر ئەوە دەکەن کە ئێران سەری مارکەیە و دەبێ لەوێ کۆتایی پێ بێت. بۆیە لە هەموو حاڵەتێکدا ئێران رووبەڕووی دوو بژار بووەتەوە، یان شەڕی قورس یا شەڕی نەرم کە ئاکامەکانی شەڕی قورس زۆر روون و ئاشکرایە.
سەرچاوە: nnsroj
ئەوەی لە ئێستادا لە ناوەندە سیاسییەکان و راگەیاندنەکانی جیهاندا زیاتر بووەتە مژاری باس و گفتوگۆ، مەسەلەی (بەهاری عەرەبی) و کۆتای...
|